نەغەدە؛ دوو هاوڵاتی بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان ڕێی زیندانیان گرتەبەر

KMMK:

شەممە 11ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی” عومەر خاگزاد” و عەباس سدیقی خەڵکی گوندی ” شلێم جاران” سەر بە پیرانشار، بە شێوەی جیاواز بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕێی زیندانی حکوومەتی ئێرانیان لە نەغەدە گرتەبەر.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ئەم دوو هاوڵاتییە ڕێکەوتی 15ی بەفرانباری ئەمساڵ لە لایەن دادگای ئینقلابی ئێران لە نەغەدە هەر کامیان بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون. بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم دوو هاوڵاتییە بە تۆمەتی ” هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کرابوون.

عەباس سدێقی ڕێکەوتی26ی گوڵانی ئەمساڵ دەستبەسەر و سەرەتای پووشپەڕ بە دانانی بارمــتە، لە گرتووخانە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ تا کۆتایی لێکۆڵینەوە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

عومەر خاگزاد ڕێکەوتی 11ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی وبە لێدان و کوتەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە گواسترابوویەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی حکوومەت لە ورمێ و ڕێکەوتی 22ی پووشپەڕ، پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ئێران لە نەغەدە ڕاگوازرا و سەرەتای گەلاوێژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان