سنە؛ ئازادی هاوڵاتییەک بە شێوەی کاتی

KMMK:

پێنجشەممە 15ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، مەحموود مەحموودی ڕۆژنامەوان و خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی 200 ملوێن تمەنی تا کۆتایی لێکۆڵینەوە بە شێوەی کاتی لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ئێران لەو شارە ئازاد کرا.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ناوبراو ڕێکەوتی 11ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

شیاوی باسه کە ناوبراو یەکێک لە واژۆکەرانی نامەی چالاکانی مەدەنی بۆ ئازادی دەستبەسەر کراوانی ئەم دواییانەی کوردســتانە.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی ئەم ڕۆژنامەوانەیان دەستبەسەر و لە هەموو ماوەی دەستبەسەری، لە مافی هەبوونی پارێزەر و پێوەندی تلەفوونی لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەری و ئەو تۆمەتانەی دژ بە ناوبراو خراونەتە گەڕ هیچ زانیارییەک بە دەستەوە نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان