بە بیانووی پاراستنی نامووس ژنێک لە ئاگردا سووتێنرا

KMMK:

چوارشەممە 15ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، ژنێک بە ناونیشانی” عیشرەت نیکخوویی” 26 ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی گەنگەچین سەر بە سۆمای برادۆستی ورمێ و خێزاندار و دایکی 4 منداڵ پاش ئەوەی لەشێ ئاگری تێبەربوو گیانی لە دەست دا.

لە ڕاپۆرتێکدا کە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ناردووە هاتووە؛ ژنی گیان بەخت کردوو سێ ڕۆژ بەر لەو کارەساتە دوایی تیهەڵچوون لە گەڵ هاوژینەکەی و هەڕەشەی کوشتن لە لایەن بنەماڵەی هاوژینەکەیەوە، بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی فیلمی نائەخلاقی ناوبراو، پەنای بردبوویە ماڵی باوکی و لەویش پاش بێ ڕێزی پێکردن هەڕەشەی مردنی لێکرا.

بە پێی وتەکانی ئەو سەرچاوەیە؛ عیشرەت نیکخووی بە بۆنەی گوشاری بنەماڵەی باوکی و هاوژینەکەی و هەڕەشەی مردن، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێی ئاگر تێبەردانی خۆیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هــێنا.

ناوبراو لە درێژەدا کوتی: لە کاتێکدا ئەو ژنە گەنجە لە ئاگردا دەسووتا و هێشتا گیانی تێدابوو، ئەندامانی بنەماڵەکەی تەنیا سەیریان دەکرد و هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە لایەن هیچ کەسێکەوە بە ئەنجام نەگەیاند.

شیاوی باسه کە ساڵانە ژنانێکی زۆر لە ژێر کەلتووری پیاو سالاری، بە بیانووی بەرگری لە نامووس و پشتیوانی یاسا لە پیاوان بە شێوازی جۆراوجۆر کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان