بەردەوامی شەپۆلی دەستبەسەرییەکان لە مەریوان/ هاوڵاتییەکی دیکە دەستبەسەر کـرا

KMMK:

دووشەممە 22ی بەفرانباری 2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی “کارۆ عەلیداد” خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.

بە گوێرەی هەواڵەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەر کـردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەری و شوێنی ڕاگیرانی کارۆ عەلیداد زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی ڕەمەکی دەست دەدەنە دەستبەسەری هاوڵاتیان و خوێندکارانی شارە لێک جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردســـتان. تەنیا دووشەممە 3 هاوڵاتی خەڵکی شاری مەریوان دەستبەسەر کراون، ئەمە جگە لەو هاوڵاتییە دەستبەسەر کراوانەی سەردەشت و دیکەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان