سێ هاوڵاتی رەبەتی دەستبەسەرکران

KMMK:
شەممە 20 بەفرانباری 2720ی کوردی، سێ هاوڵاتی بەناوەکانی بەهمەن یۆسف زادە 26 ساڵ تەمەن، فەرهاد موساپور 28 ساڵ تەمەن و فەرەيدون موساپور تەمەن 26 ساڵ، خەڵکی شاری رەبەت لەلایەن هێزە ئەمنیەتەکانی حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.
‏بەهمەن یۆسف زادە خوێندکاری زانکۆ پەیام نووری شاری مەهابادە کە لە لایەن هێزە ئەمنیەتەکانی ئێران لە ماڵی باوکی بەبێ هەبوونی ئیزنی دادوەر دەستبەسەر کراوە و بڕێک لە کەل و پەلی ناوبراویش لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەر داگیراوە. ناوبراو لە گەڕەکی سەرچاوێی شاری رەبەت نیشتەجێیە.
هاوکات و لە هێرشێکی تر دا فەرهاد موساپور، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە فێرگەی زمانی شاری رەبەت هێرش دەکرێتە سەری و دەستبەسەر دەکرێت، ناوبراو خوێندکار و مامۆستای زمانی ئینگلیزیە و 28 ساڵ تەمەنیەتی.
دوابەدوای دەستبەسەرکرانی ناوبراو، هێرش دەکرێتە ماڵیان و براکەی بەناوی فەرەیدون موساپوریش کە 26 ساڵ تەمەنیەتی لە کاتی خەوتندا پەلامار دەدرێت و دەستبەسەر دەکرێت.
جێی ئاماژەیە کە کەرەسەی شەخسی ئەو دوو برایەش لە لایەن هێزە ئەمنیەتەکانی حکومەتی ئێران دەستی بەسەر داگیراوە.
بەهمەن یۆسف زادە کوڕی حەمزە و فەرهاد و فەرەیدون کوڕی رەحیم خەڵکی سیسێرن کە ئێستا لە رەبەت نیشتەجێن.
بەپێی دواین زانیاریەکان، ئەو هێزە ئەمنیەتیەی ئێران سەر بە هێزەکانی ئێتلاعاتی ئێران لەشاری ورمێی رۆژھەڵاتی کوردستانن. لەکاتی دەستبەسەرکرانی ئەو سێ هاوڵاتییە هیچ بڕگە یا حوکمی دادوەری نیشان نەدراوە و هەر سێ کەسیان کەوتوونەتە بەر لێدان و بێرێزیکردن.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو سێ هاوڵاتییە نەزانراوە و ماڵباتیان نازانن بۆ کوێ ڕاگوێزراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان