سنە؛ بەندکراوێک بۆ جێبەجێ کردنی سزای سێدارە راگوێزی ژووری تاکەکەسی کرا

KMMK:

یەکشەمە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٠ی کوردی، بەندکراوێکی خەڵکی گوندی “وێژەنان” سەر بە سەوڵاوا بە ناو “مستەفا سەیفی” ٢٨ ساڵ کوڕی عەتا کە بە تۆمەتی کۆشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەدا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە گواسترایەوە.
بە پێی وتەی کەسێکی نزیک لەم بەندکراوە؛ بەنەماڵەی مستەفا سەیفی نەیانتوانیوە پارەی دییەی کەسە کۆژراوەکە کۆبکەنەوە بۆیە ناوبراو راگوێزی ژووری تاکەکەسی کراوە تاوەکوو لە رۆژی چوارشەمە ١٠ بەفرانبار سزاکەی جێبە جێ بکریت.

جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو پێشتر لە رۆژی یەکشەمە دووی گەلاوێژی ئەمسال گواسترابوو بۆ ژووری تاکەکەسی بۆ ئەوەی سزاکەی لە رۆژی پێنج شەمە شەشی گەلاوێژ جێبەجێ بکرێت بەڵام لەبەر داواکاری بنەماڵەکەی مۆڵەتی سێ مانگەیان پێ دراوو بۆ پێدانی دیە بە بنەماڵەی کۆژراوەکە.
مستەفا سەیفی رۆژی ٥ی گۆڵانی ساڵی ٢٧١٥ی کوردی لەسەر کێشەی بەناو ئەخلاقییەوە کەسێکی بەناو کۆسار سەیفی کوڕی سدیق کە خزمیان دەبێت دەکوژێت و لە رۆژی ٥ی خاکەلێوەی ٢٧١٦ دەستبەسەر دەکرێت و لەلایەن سیستەمی قەزایی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست بە سێدارە سزادەدرێت.
حوکمی ناوبراو لە ساڵی ٢٧١٨ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پەسەند دەکرێت و ئەم بەندکراوە ئێستا لەژێر هەڕەشەی لە سێدارەداندایە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان