شاڕوود؛ پێدانی پشووی پزیشکی بە شارۆمەندێکی خەڵکی بۆکان

KMMK:

لە رۆژانی رابردوو شارۆمەندێک بەناوی« موحەمەد نووری زادە» 57 ساڵ کوڕی رەحیم و خەڵکی «بۆکان» دانیشتوی شاری مەهاباد پاش تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندیخانەی شاڕوود پشووی کاتی پێدرا.

ناوبراو لە 27ی رەشەمەی 2715 لەگەڵ شارۆمەندێکی تر بە ناوی « دیاکۆ رەحمان نەسەب» 37 ساڵ کوڕی حوسەین خەڵکی « مەهاباد» لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێن و هەتاکوو رێکەوتی 4ی رەزبەری 2715 لە گرتووخانە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

پێویست بە بیرهێنانەوەیە کە، بەڕێز « نووری زادە» لە مانگی جۆزەردانی 2715 لەلایەن دادگەی سەربازی ئێران لە ورمێ سزای 6 ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری شاڕوودی بەسەرد سەپێندرا و لەئاکامدا رۆژی 26ی پووشپەڕی 2719 رادەستی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

ئەم بەندکراوە بە تۆمەتی « هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکان» ی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران سزا دراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان