سەقز؛ بانگێشت کردنی شارۆمەندێک بۆ دادسەرا

KMMK:

پێنج شەممە 27ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، شارۆمەندێک بە ناوی «عیرفان مورتەزایی» 32 ساڵ، کوڕی عێزەتوڵا و خەڵکی شاری سەقز بانگهێشتی بەشی سێی دادسەرای گشتی و ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی لە شاری بانە کرا.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە، دادسەرای گشتی و ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئيران لە بانە، ناوبراوی بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنور» بانگهێشت کردووە.

ئەم شارۆمەندە بە پێی راگەیەندراوێک کە بۆی نێردراوە لەلایەن دادسەرای کۆماری ئیسلامی لە رێکەوتی 24/09/2720 دەبێت لە پێنج رۆژدا بۆ دوایین بەرگری لە خۆی لە دادسەرای گشتی و ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بناسێنێت.

عیرفان مورتەزایی لەلایەن بەشی یەکەمی دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی لە سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر«جەواد موستەفایی» سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

دادگا ئەم شارۆمەندەی بە «ئەندام بوون لە یەکێک لە حزبە کوردستانیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران» تاوانبار کردووە و سزای سەپێدراو بۆ ناوبراو بە پێی راپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری سەقز بووە و ئەم سزایە رۆژی یەک شەممە 23ی سەرماوەز بە فەرمی بە ناوبراو راگەیەندراوە.

عیرفان موتەزایی 21ی خەزەڵوەر بەبێ ئیزنی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێت و پاش چوار رۆژ دەستبەسەر بون بە دانانی بارمتەی150 ملوێن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد دەکرێت.

ناوبراو پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بووە. ناوبراو لە رەشەمەی 2719ی کوردی دیسانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ماوەی چوار رۆژلە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە سەقز دەستبەسەر دەکرێت.

عیرفان مورتەزایی لە مانگی جۆزەردان هەروەها لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەگیرێت و پاش چوار مانگ بەدانانی بارمتە ئازاد دەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان