پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی کرێکارانی «کشت وصنعت» (ناوەندی بەرهەمهێنڵنی دانەوێڵە وخۆراکی ئاژەڵ) ی مەهاباد

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوۆ هەینی یەکی گەلاوێژی ۱۳۹٥ی هەتاوی پێنج ڕۆژبە سەر مانگرتنی کرێکارانی «کشت وصنعت» ی مەهاباد دا تێدەپەڕێ.

هەموو کرێکارانی یەکەکانی کشت وصنعتی مەهاباد کە پترلە ۱۰۰ کەس دەبن بەهۆی پێنەدانی مووچە وپوان و پاشەکەوتەکانیان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و دەستیان داوەتە مانگرتنێکی گشتی.

جێگەی باسە کە کۆمپانیای ناوبراو لەو سەروبەندەوەی دراوەبە بەشی ناحکوومی لەقەیرانێکی گرانی دارایی دایە ولەم چەند ساڵەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لەکرێکارانی ئەم ناوەندە بەرهەمهێنانە وەدەر نراون وچەند یەکەیەکیشی بەتەواوی داخراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پترلە ۲۰۰ کەس لە کرێکارانی دامەزراو لەو ناوەندە بەرهەمهێنانە بەهۆی داخران وقەپات بوونی لقە جیاجیاکانی مووچەی وەپاش کەوتوو پوانی ساڵانەی تایبەت بەکرێکاران کە پترلە ۳۰ میلیارد قەرانە هێشتا وەرنەگرتووە.

جێگەی باسە کە کۆمەڵێک لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی مریشک (مرغداری) لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر قەرزە نەدراوەکانیان لەلایەن کومپانیای «کشت وصنعت» ی چەندد ڕۆژێکە لە بەردەرکەی ئەو کومپانیایە کۆبوونەتەوە و بە هەڵکردنی ڕەشماڵ دەستیان داوەتە ناڕەزامەندی تەواو کات لەو شوێنە.

ئەم ناڕازییانە بە وەستانی ماشێنەکانی خۆیان وهەڵکردنی ڕەشماڵ لە بەردرگای چوونەژوورەوەی ئەم ناوەندە بەرهەمهێنانە ڕێگری هەرچەشنە هاتووچۆی ماشێن وبارهەڵگرەکانن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان