مەهاباد؛ جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەی هاوڵاتییەک لە زیندان

KMMK:

دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، حوکمی لەسێدارەدانی “کەماڵ ئەسغەری” گیراوی تۆمەتبار بە “قەتڵ” لە زیندانی حکومەتی ئێران لە شاری مەهاباد جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە یەکێک لە تۆمەتبارانی کوشتنی سادق بەرمەکی بووە و هەروەها دانیاڵ دیوانی ‌ئازەر، دووهەمین تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە لە ژێر مەترسیی سێدارەدایە.

“دانیاڵ زەینولعابدین” سێیەمین تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی سادق بەرمەکی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە زیندانی میاندووئاو، کوژرا.

دۆسییەی تۆمەتبارانی کوشتنی سادق بەرمەکی، مانگی سەرماوەزی ساڵی 2718، پاش پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران، بۆ یەکەی جێبەجێکردنی تاوانەکانی دادگوستەریی ئێران لە شاری مەهاباد، ڕەوانە کرابوو.

مانگی جۆزەردانی ساڵی 2718 کەماڵ ئەسغەری، دانیاڵ دیوانی‌ئازەر و دانیاڵ زەینولعابدین، لە دادگا بە سێدارە سزا دران و تاوانباری چوارمی ئەو دۆسیەیە بە ١٠ ساڵ گرتن سزا درا.

مانگی خەرمانانی ساڵی 2717، کەماڵ ئەسغەری و دانیاڵ دیوانی‌ئازەر و دانیاڵ زەینولعابدین، لەگەڵ کەسێکی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی “سادق بەرمەکی” لاوی مەهابادی، دەسبەسەر کرابوون.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم ئێعدامه‌وه سەرجەم 38 کەس له لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێعدام کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان