لەتیف عەبدی پێویستە خویی بۆ تێپەراندنی حوکمەکەی بە زیندان بناسێنێ

KMMK :

چوارشەممە ‌ ‌12ی سەرماوەز 2720ی کوردی، ڕاگەیاندرا کە لەتیف عەبدی چالاکی سیاسی دەبێ ڕۆژی پێنج شەممە 13ی سەرماوەز خۆیی بۆ تێپەراندنی دوو ساڵ زیندان، بە زیندانی حکوومەت بناسێنێت.
لە بانگهێشتنامەیەکدا کە لە لایەن نەوید سەحرایی دادستان و بەرپرسی لقی جێبەجێ کاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی حکوومەتی ئیران لە شاری پاوە دیاری کراوە، هاتووە کە لەتیف عەبدی پێویستە لە پاش وەرگرتنی بانگهێشتنامەکە بەخێرایی خۆی بە لقی یەکەمی ئەم دامەزراوە بناسێنێت.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو شیمانە ئەکرێ کە بەڕێز عەبدی سەرەتا لە زیندانی حکومەتی ئیران لە پاوە زیندان و پاشان دەگۆزرێتەوە بۆ زیندانی دیزل ئاوای حکوومەت لە شاری کرماشان.
لەتیف عەبدی لە دایکبویی ساڵی 2681ی کوردی، کوری نەزیف لە هاوڵاتیانی نیشتەجێی پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
ئەم چاڵاکە سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دانانی بارمتەی 500ملوێن تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد ببوو و بەر لە ئازادی مەرجدار لە زیندانی دیزڵ ئاوای حکوومەتی ئیران لە کرماشان ڕاگیرابوو.
دادسەرا و دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران ئەم چالاکە سیاسییەیان خستە ژێر گوشارەوە و هەوڵیانە کە ناوبراو هەم دیسان بخەنەوە زیندان، ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی زیندانەکان لە ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی پەرە سەندنی ڤایرۆسی کرۆنا ناسەقامگیرە.
ئەم چاڵاکە سیاسییە بۆ ماوەی چوار مانگ لە بەندی 3ی ئەمنییەتی زیندانی دیزڵ ئاوای حکوومەتی ئیران لە شاری کرماشان لە زیندان دا بوو. لە کۆتاییدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران بە 2ساڵ زیندان و زیندانی تەعزیری مەحکوم کرا.

کۆمەڵەی مافی مڕۆڤی کوردستان