نەغەده: حوکمی قامچی(شەلاق)ی هاوڵاتییەک جێبەجێ کرا

KMMK:

سێشەممە 4ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، حوکمی 35 زەبری قامچی مێهدی خەیری کوڕی نورەدین خەڵکی نەغەدە، لە لایەن یەکەی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادگای حکوومەتی ئێران لە ناحیەی “محەممەدیار” بەڕێوە چوو.

بەڕێز خەیری گەلاوێژی ئەمساڵ لە حاڵەتی ئامادە نەبوونی خۆی(غیابی) لە دادگا بە سەرۆکایەتی دادوەر “ئەفشین بونیادپوور” له دادگای گشتی حکوومەتی ئێران لە ناحیەی محەممەدیار بە تۆمەتی “بێ ڕێزی کردن بە بەرپرسی قەزایی” بە 35 زەبری قامچی مەحکووم و هەروەها لە تۆمەتی “تێکدانی تەکووزی دادگا” پەڕیبوویەوە.

ئەم حوکمە لە قۆناغی پێداچوونەوە بە بێ بەڕێووەچوونی ڕێوڕەسمی دادگا وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە
مێهدی خەیری لە کۆتاییدا ڕێکەوتی 29ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکم بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری حوکمی سزاکانی ئێران بۆ ناحیەی محەممەدیار بانگهێشت کرا.

بە پێی هەواڵەکان، ناوبراو ساڵی2719ی کوردی لە دۆسیەیەکدا سکاڵای لە سەر کەسێک تۆمار کردبوو بەڵام ئەم دۆسیەیە وێڕای بێ پڕەنسیپی کەسووکاری ئەو کەسەی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە لە دادگا، بۆ ماوەی 2 ساڵ درێژەی کێشا.
لە کۆتاییدا لە ڕێوڕەسمی دواین دادگایی بە هۆی ئەو لێک پرژانەی پێش هاتووە، ناوبراویان دهستبەسەر و لە کۆتاییدا بە سکاڵای” دادوەر کەریم حاجی حەتملوو” دۆسیەیان بۆ ساز کرد.

شیاوی باسە کە مێهدی خەیری خوێندکاری قۆناغی کارناسی باڵای بواری بەڕێوەبەری پیشەیی زانکۆی قوم ـە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان