بانگهێشتی هاوڵاتییەک و مەحکووم کردنی هاوڵاتییەکی دیکە بە زیندان

KMMK:

دووشەممە سێی سەرماوەزی 2720ی کوردی، ئەحمەد محەممەدی 51 ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی “وزمان”ی سەقز بۆ دادگای ئێنقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز بانگهێشت کـرا.
ناوبراو لە دادگای ئینقلابی حکوومەت جۆری توانەکەی پێ ڕاگەیەندرا(تفهیم اتهام) و بە ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییە ئوپوزسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کراوە.
ناوبراو پاش پێ ڕاگەیاندنی تاوانەکەی و بە دیاری کردنی دەستبەسەری کاتی بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە شاری ســنە ڕاگوازراوە.

ئەحمەد محەممەدی وەرزێر بووە و سەرقاڵی کاری وەرزێری و ئاژەڵداری لە گوندەکەی خۆیان ـە.
لە ڕاپۆڕتێکی دیکەدا و لەم ڕۆژانەی دوایی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەعیدی”، خالید زەمانی هاوڵاتی خەڵکی کامێرانی بە پێنج ساڵ زیندانی بە شێوەی هەڵپەسێراو مەحکووم کردووە.

ناوبراو بە هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کراوە.

ڕێوڕەسمی دادگایی خالید زەمانی ڕۆژی پێنجشەممە12ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەت بەڕێوەچوو و دیاری کردنی ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوو بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

خالید زەمانی گوڵانی ساڵی2720ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لەشاری ســنە ڕاگوازرابوو.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم هاوڵاتیێە دەستبەسەر کراوەی خەڵکی سەقزەوە سەرجەم 238 هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان