شنۆ؛ کاسبکارێک بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا

KMMK:

شەمە 1ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، شارۆمەندێکی خەڵکی شنۆ بە ناوی ” عەزیز روونما” 42ساڵە لە خاڵی سنووری لە کاتی پەڕاندنەوەی مەڕو ماڵات بۆ باشوور کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەستدا.

بە پێی راپۆرتەکە، ناوبراو لە ناوچەی سنووری “هەوارە ئێسک” لەکاتی تەپەڕبوون بۆ باشووری کوردستان مینێکی چێندراوی کۆماری ئیسلمی ئێرانی پیا دەتەقیتەوەو بەو هۆیەوە لاقێکی لە دەست دەدات و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ.

جێگای ئاماژەیە، عەزیز روونما بە هۆی قووڵی برینەکەی لە دوای چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دەدات.

شایەنی باسە کە، ساڵانە لە خاڵە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی و باشووری کوردستان، چەندین کەس دەبنە قوربانی مینە چێندراوەکانی دوو حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێراق کە لە دوای شەڕی هەشت ساڵەیان بەجێ ماوەو بە تێپەڕبوونی پتر لە سی ساڵ هێشتا هەوڵێکی جدی نییە بۆ کۆکردنەوەیان و خاوێن کردنەوەی سنوورەکانی کوردستان لەم بەڵایە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینی تائێستا و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 11 شارۆمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون و هەروەها 8 شارۆمەندیش گیانیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان