تەقینەوەی مین لە سەردەشت قوربانییەکی لێکەوتەوە

KMMK:

سێشەممە27ی خەزەڵوەری2720ی کوردی، تەقینەوەی مین لە بەرزاییە سنوورییەکانی سەردەشت کوژرانی شوانێک بە ناوی ئەحمەد مەمەندی لێکەوتەوە.
ئێوارەی دووشەممە26ی خەزەڵوەر لە بەرزاییەکانی ســنووری سەردەشت ئەم شوانە کە سەرقاڵی ئەرکی خۆی بووە، دەکەوێت بە سەر مین دا و تەقینەوەی ئەم مینە برینی قووڵی تێدا ساز دەکات.

ئەم شوانە پاش برینداربوونی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی ورمێ و دواتر بە هۆی گرانی برینەکەی گیانی لە دەست دەدات.

شیاوی باسە کە زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە مین خاوێن نەکراوەتەوە و لە هەندێ شوێنیشدا کۆماری ئیسلامی مینی نوێ دەچێنێ.

بە پێی داتاکانی ناوندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 7 هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی خۆیان لە دەست داوە و 11 کەسیش بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان