شەپۆلی دستبەسەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردسـتان; دوو کەس لە مەریوان و سەقز دەستبەسەر کـران

KMMK:

پێنجشەمم 22ی خەزەڵوەری2720ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقز گەنجێک بە ناونیشانی ” پوویا بووستانی” 18 ساڵ تەمەن دانیشتووی گەڕەکی بەردبڕان ـیان دەستبەسەر کرد.

بە گوێرەی هەواڵەکە، دەستبەسەری ئەم گەنجە لە ماڵی خۆیدا بووه کە هاوکات دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵەکەی و کەلووپەلی تایبەەی ناوبراو وەکوو لۆپ تۆپ، تەلەفوون و هەندێ کتێب ـیان دەست بەسەردا گرتووە.

شیاوی باسە کە، بنەماڵەی ناوبراو چەندد جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە بەڵام نەیان توانیووە لە هۆکاری دەستبەسەری و شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی کوڕەکەیان زانیاری وەربگرن.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە دەستبەسەرییە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە 21ی خەزەڵوەر هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەریوان دەستیان دایە دەستبەسەری هاوڵاتییەک بە ناونیشانی” هادی ڕەسایی” تەمەن30 ساڵ و خەڵکی گوندی سەردۆش.

شیاوی باسە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی ئەم هەواڵە مەریوانییە زانیارییەک بە دەستەوە نیە.

جێی سەرنجە کە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسپێکی خەزەڵوەری ئەوساڵەوە کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵووەگەڕی ناڕەزاییەتییە خوێناوییەکانی ساڵی ڕابردوو لە هەڵمەتێکی بەربڵاودا دەستیان دایه دەستبەسەری گەنجان و چالاکانی بوارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئامانجی ئەوان سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین و بنکۆڵ کردنی دیمۆکڕاسی ڕاستەقینە و نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە بیرو زەینی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتانەوە 223 کەس لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان