ورمێ: چوار زیندانی لەسێدارە دران

KMMK:

پێنجشەممە 8ی خەزەڵوەری2720ی کوردی، 4 زیندانی بە ناوەکانی عەلی مەلەکی، یاسین پوور محەممەدی، زەینال عابدین محەممەدی و مووسا ڕەحمانی کە بە تاوانی “کوشتن” بە سێدارە مەحکووم کرابوون، لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ حوکمەکەیان جێبەجێ کرا.

بە پێی ئەو هەواڵەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردۆتەوە دا هاتووە کە ئەم چوار زیندانییە هاوڕێ لە گەڵ زیندانییەکی دیکە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوازراون و هۆشداری مەترسی ئێعدامیان پێدابوون.

حوکمی ئێعدامی ئەم چوار کەسە ئەوڕۆ پێنجشەممە لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ جێبەجێ کراوە.

عەلی مەلەکی، یاسین پوورمحتممەدی و زەینال عابدین(زەین العابدین) محەممەدی نێزیک پێج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر و لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە ئێعدام لە پێش چاوی گشتی مەحکووم کــران.
مووسا ڕەحمانی(نێعمانی)ـیش پێشووتر لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.
زیندانییەکی دیکە بە ناونیشانی مورتەزا حەیدەری کە پێشووتر لە دۆسیەیەکی دیـکە بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، بە وەرگرتنی مۆڵەت یان ڕەزامەندی بنەماڵەی کەسی کوژراو بۆ بەندەکەی گەڕێنرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، عەلی مەلەکی بە بڕینی دەماری دەستی ڕاستی خۆی لە ژووری تاکەکەسی دەستی داوەتە خۆکوژی و هەوڵی داوە ئێعدامەکەی وەپاش بخات. بەڵام پاش پێڕاگەیشتنی پزیشکی و باندپێچی دەستی ڕاست بۆ ژووری تاکەکەسی گەڕێنرایەوە و سەرلە بەیانی ئەوڕۆ لە گەڵ سێ زیندانی دیکە لە زیندان ئێعدام کراوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم ئێعدامانەوە سەرجەم 37 کەس له لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێعدام کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان