KMMK:
سێشەممە شەشی خەزەڵوەری2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی فەرشاد فەتاحی دانیشتووی شاری ورمێ پاش کۆتایی هاتن بە قۆناغی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ئەم هاوڵاتییە بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ گوازاوەتەوە.
فەرشاد فەتاحی پێنجشەممە سێی ڕەزبەری ئەمساڵ بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم هاوڵاتییەیان بە تۆمەتی” ئەندامەتی لە گرووپە ئایینیەکان” دەستبەسەر کردووە.
شیاوی باس کە گوشاری دامەزراوە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر هاوڵاتیان و چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ئاینیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە و لە ماوەی ئەم ساڵی زاینییدا 198 کەس دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان