بارودۆخی تەندرووستی موتەلیب ئەحمەدیان ناجێگیرە

KMMK:

بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بارودۆخی تەندرووستی زیندانی سیاسی موتەلیب ئەحمەدیان 36 ساڵ تەمەن کوڕی قادر کە دەمێکێ درێژە ئازاری بڕبڕەی پشتی لەگەڵە و هێلکەی لای ڕاستی دڕاوە، دۆخی ناجێگیر و مەترسیدارە ڕاگەیەندراوە.
دوکتۆری نەشتەرگەری لە ناو زیندان ڕەجایی شار ناووبراوی پشکنیووە و بە هۆی زۆربوونی کێم و زۆربوونی خوێن لە هێلکەکانی و هەروەها خراپتربوونی کەمەری، مۆڵەتی گواستنەوەی ناوبراوی داوە.
27ی ڕەزبەری 2720ی کوردی ڕێزدار ئەحمەدیان بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە و پاش پشکنینی پزیشکی، دوکتۆرەکەی ڕایگەیاندووە کە ئەو خوێنەی لە هێلکەکانیدایە دەبێ بەتاڵ بکرێتەوە، بێجگە لەوە دەبێتە هۆی کێم و چڵک.
لە دوای پشکنینە سەرەتاییەکان مۆڵەتی خەواندنیان لە نەخۆشخانە پێنەداوە و هەمدیسان بۆ زیندانیان گەڕاندۆتەوە.
جگە لەمە بۆ ئازاری بڕبڕەی پشتیش دەبێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکا. ناوبراو لەم دواییانە لە زیندانی «اوین» ـەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار گوازراوەتەوە.

تا ئێستە دامەزراوە ئەمنیی و ئیتلاعاتییەکان سەرەڕای خراپبوونی ڕەوشتی و تووشبوونی ئەم هاوڵاتییە زیندانییە بە کێمی هێلکە و میزەڵدان و خەساری بڕبڕەی پشتی بە دەیان جار لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ڕێگریان کردووە.
پێڕانەگەیشتن بە نەخۆشی ناوبراو لە کاتێکدایه کە بەڕێز ئەحمەدیان لە هەموو سەردەمی دەستبەسەری لە گەڵ ئەم نەخۆشیانە ڕووبەڕوو بووە و نەخۆشییەکەی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ هەڵکشاوە.
ئەم هاوڵاتییە زیندانییە سیاسیە ساڵی 2710ی کوردی لە لایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز بە ئەندامەتی حیزبی کۆمەڵە و هاتنی نایاسایی تاوانبار کراوە.
لە ساڵی 2710ی کوردی، لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر “شایق” لە شاری سەقز، موتەلیب ئەحمەدیان بە پێی مادەی 189 و 190ی یاسای سزاکانی ئیسلامی بە تۆمەتی محاربە و گەندەڵی سەر زەوی بە 30 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد. هەروەها بە پێی ماددەی 193ی یاسای سزا ئیسلامییەکان ناوبراو بۆ زیندانی میناب دوور خرایەوە و لە مافی تێکەڵبوون لە گەڵ کەسانی دیکه و هەر چەشنه مەرەخەسی بۆ ناوبڕاو بێبەری کراوە.

هەروەها ساڵی 2711ی کوردی، ناوبراو لە لقی 102ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە شاری سەردەشت بە سەرۆکایەتی دادوەر «نطامیان» بە بۆنەی هاتن و چوونی نایاسایی لە سنوور بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە. ئەمە ل کاتێکدایە کە ناوبراو ل لقی 101ی دادگای گشتی حکوومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر «عیسا محەممەدی» لە شاری بانە هەر بەم تۆمەتە بە دانی یەک میلیۆن ریال مەحکووم کراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان