بەردەوامی دەستبەسەری و لێپرسینەوەی هاوڵاتییەک

KMMK:

فەرشاد فەتاحی پاش تێپەڕێنی 26 ڕۆژ دەستبەسەری هێشتا بە هەمان حاڵەت ماوەتەوە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. فەرشاد فەتاحی خەڵکی ورمێ ـیە کە پێنجشەممە 3ی ڕەزبەری2720ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوازرا.

دامەزراوە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران ئەم هاوڵاتییەیان بە” ئەندامەتی لە گرووپە بیروباوەڕییەکان(ئایینی) ” تۆمەتبار کردووە. ناوبراو پاش دەستبەسەری بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوازرا و لێپرسینەوەی لە سەر جێبەجێ کراوە.
ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەری دا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری بووە و ئەشـکەنجە کراوە.

شیاوی باسە کە دووشەممە 28ی ڕەزبەری ئەمساڵ دوو کەس لە هاودۆسییەکانی ناوبراو بە ناوەکانی “بێهزاد تەڵایی و سیاوەش جەوان” لە بەندی ڕاوێژ(مشاورە)ی زیندانی حکوومەت لە ورمێ بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی ئەم زیندانە ڕاگوازران.
دەستبەسەری ئەم چالاکە بیروباوەڕیانە لە کاتێک دایە کە بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هەر کەس لە هەبوونی مافی ڕادەربڕین و ئازادی ئایین بایەخمەندە و مافی ئەوەیان هەیە ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیان بە شێوەی ئازادانە بەڕێوە ببەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان