سنە؛ گواستنەوەی ژنێکی سزادراو بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی

KMMK:

ژنە زیندانییەکی بەند کراو لە گرتووخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بە ناو «زەینەب خودامورادی» 37ساڵە کە قەرارە رۆژی یەکشەمە 27ی رەزبەری 2720ی کوردی بە تاوانی کوشتن لە لایەن حکوومەتەوە لە سێدارە بدرێت، گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی ئەو زیندانە.

شایانی باسەکە، ناوبراو بە تاوانی کوشتنی دوو منداڵی خۆی لە ساڵی 2715ەوە لەلایەن دادگەی حکوومەتەوە لە شاری سنە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستاش بەمەبەستی جێبەجێ کردنی سزاکە گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی حکوومەت لە شاری سنە.

هەروەها بە پێی هەواڵەکە: ناوبراو لەکاتی کوشتنی منداڵەکانی نامەیەکی نووسیوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ویستوویەتی خۆی و منداڵەکانی لە ئازار و ئەشکەنجەکانی هاوسەرەکەی و بنەماڵەکەی رزگار بکات و لە کاتی کوشتنی منداڵەکانی هەتا ئێستا لە دۆخێکی دەرونی ناجێگردا دەژیت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان