کرماشان; کوژران و برینداربوونی دوو مێرمنداڵ بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان

KMMK:

چوارشەممە 23ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە کرماشان ماشێنێکیان کردە ئامانج و بەو هۆیە مێرمنداڵێکی 17 ساڵ تەمەن بە ناونیشانی” ئەشکان عەزیزی” گیانی لە دەست دا و مێرمنداڵێکی دیکە بە ناونیشانی ” بورهان عەزیزی” برینداربوون.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە چەکدارەکانی ئینتزامی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڕەکی دەوڵەت ئاوای کرماشان ماشێنێک کە لە ڕۆیشتندا بوو دایە بەر دەسڕێژ کە کوژرانی مێرمنداڵێک و برینداربوونی مێرمنداڵێکی دیکەی لێکەوتەوە.

شیاوی باسە کە، بورهان عەزیزی لە یەکێک لە نەخۆشخانەی شاری کرماشان لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە و چووەتە کۆماوە.

ئەم دوو گەنجە نیشتەجێی گەڕەکی ” دەڕە درێژی” کرماشان بوون و هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی نەبوونی پلاکی ماشێن تەقەیان لێکردوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان