برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران ـەوە

KMMK:

سێشەممە22ی ڕەزبەری2720ی کوردی، هێزەکانی هەنگی سنووری لە ناوچە سنوورییەکانی بانە گرووپێک کۆڵبەریان کردە ئامانج کە برینداربوونی دوو کۆڵبەری لێکەوتەوە.

کۆڵبەرێک بە ناونیشانی محەممەد کە هێشتا پاشناوی ئاشکرا نەکراوە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار کراوە.
هەر لەو ڕۆژە هێزەکانی هەنگی سنووری حکوومەتی ئێران لە ڕێڕەوی سنووری نەوسوود بەرەو گرووپێکی دیکەی کۆڵبەر تەقە دەکەن و کۆڵبەرێک بە ناونیشانی “وەزیر وەیسی” خەڵکی گوندی “جۆجار” سەر بە سەلاسی باوەجانی ـیان بریندار کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوە و شایەتحاڵانی خۆجێی، ناوبراو هەنووکە لە نەخۆشخانەی پاوەیە.
شیاوی باسە کە هاوکات لە گەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەران، جێگری فەرمانداری هەنگی سنووری حکوومەتی ئێران لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە 235 سەر ئاژەڵ لە لایەن ئەم ئۆرگانە حکوومییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەمیر هوشەنگی نەزەری جێگری فەرمانداری هەنگی سنووری ئێران لە کرماشان ڕایگەیاندووە کە ئەوان ڕێژەی 235 سەر بزن، مەڕ و دیکەی ئاژەڵانی خەڵکیان دەست بەسەردا گرتووە، کە نرخی ڕیاڵ ئەو ئاژەڵانە لە لایەن ئەم کەسایەتییە حکوومییەوە 7 میلیارد ڕیاڵ مەزەندە کراوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم دوو حاڵەتەوە 149 کۆڵبەر لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران ـەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان