مەترسی دیپۆڕت کردنەوەی دوو چالاکی سیاسی لە وڵاتی ئاڵمان بۆ ئێران

KMMK:

بنەماڵەیەکی خەڵکی سەوڵاوا سەر بە مەریوان بە ناوەکانی” هیوا مورادی” و ” ئالان فەتحی” هاوژین و چالاکی سیاسی و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە کە لە ساڵی2015وە ڕوویان لە وڵاتی ئاڵمان کردووە و داواکاری پەنابەریان پێشکەش کردووە مەترسی دیپۆڕت کردنەوەیان هاتۆتە سەر.
بە پێی کوتەی ڕێزدار ئالان فەتحی کە لە گەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە ئەنجامی گەیاندووە: ” ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەندامی ڕێخستنی نهێنی بووین و هاوژینەکەم” هیوا مورادی” بە محاربە مەحکووم کرابوو و تا ساڵێک واژۆی دەکرد و پاشان لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بووین زێدی خۆمان بەجێبهێڵین و لە گەڵ هاوژینەکەم و کچە گەورەکەم کە ئەودەم دوو ساڵی تەمەن بوو ڕوومان لە باشووری کوردستان کرد و بووین بە پێشمەرگەی کۆمەڵە و منیش لە ڕێخراوی ژنان له بەشی پزیشکی دەستم بە چالاکی کرد و بۆ ماوەی 7 ساڵ پێشمەرگە بووین و پاشان ڕوومان لە وڵاتی ئاڵمان کرد و پاش دووجار دادگایی داوای پەنابەری ئێمە ڕەت کرایەوە و ڕۆژی پێنجشەممە 7ی ئۆکتۆبەری 2020ی زاینیی لە ناوەندی Kreis Kleve بڕیاری دولدۆنگ ـمان (بێبەری بوون لە هەر چەشنە ئیمکانێک) لە سەر دەرکرا و بەڵگەی گەڕانەوە بۆ ئێرانمان پێدرا و پێیان کوتین تا 4 حەوتووی دیکە ناسنامە و پەساپۆڕتەکانتان پێشکەشی ئێمە بکەن و لە ماڵەوە بمێننەوە و ئیدی هیچ چانسێکتان بۆ مانەوە نییە.

شیاوی باسە ئەم بنەماڵەیە خاوەنی دوو کچن و لە شاری Stadt Geldern لە ئەیالەتی Nordrhein- Westfalen نیشتەجێن.

ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە وەزارەتی دەرەوە و دەزگای پێوەندیدار لە گەڵ پەنابەرانی وڵاتی ئەڵمانیا دەکەین کە بە پێی کۆنڤانسیۆنی تایبەت بە پەنابەران پەسەندکراوی 28ی ژووئیەی1951، 28ی ژنێڤی 12ی مەی 1926 و 30 ژوئیەی1928 یانکونڤانسیۆنی 28ی ئۆکتۆبەری1933 و 10ی فێبریوەری1938 یان پڕۆتۆکۆلی ڕێکەوتی 14ی سپێتەمبەری 1939 یان جاڕنامەی نێونەتەوەیی پەنابەران، پەنابەربوونی ناوبراو پەسەند بکات ولە گەڵیان بە پێی یاسا وئەو پەسەندکراوانەی ناومان لێبردن بجووڵێنەوە.
هەروەها داوا لە هەموو ڕێخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوەگەلی مرۆڤ دۆست و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەین بەرانبەر بەم دیاردە دژە مرۆییە وەدەنگ بێن و وێڕای ڕزگارکردنی گیان و ژیانی ئەم بنەماڵە سیاسییە، ڕێگری بکەن لە ڕادەست کردنەوەی ئەم بنەماڵە بۆ ژێر چەپۆکی کۆماری ئیسلامی و زیندانی و ئێعدام کردنیان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان