ســنە: هاوڵاتییەک دەستبەسەر کـرا

KMMK:

چوارشەممە 9ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، میلاد وەیسی، هاوڵاتی خەڵکی شاری ســنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواسترا.
ئەم هاوڵاتییە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و بە لێدان و کوتەک دەستبەسەر کراوە.
میلاد وەیسی کوڕی کەریم وەیسی دانیشتووی شاری ســنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کاتی دەستبەسەری کەوتۆتە بەر لێدان و هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران.

شیاوی باسه کە بنەماڵەی بەڕێز وەیسی سەردانی ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی ئێرانیان کردووە بەڵام نەیان توانیووە لەشوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی پێی گیراوە زانیارییەک وەدەست بێنن.
میلاد وەیسی ساڵی 2719یش بۆ ماوەی 5 مانگ لە دەستبەسەری دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێراندا بوو و پاش تەواوبوونی خولی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی 600 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە177 هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان