نەغەدە: هاووڵاتییەک بۆ گرتووخانە ڕاگوێزرا

KMMK
شەممە 5ی ڕەزبەری2720ی  هاووڵاتییەک بە ناوی سەید “ئەحمەد سەبری” کوڕی سەید “مستەفا” خەڵکی پەسوێی شاری پیرانشار، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتوخانەی ئەلمەهدی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە نەغەدە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە 11ی ڕەشەمەی 2719، هێزە ئەمنیەکانی ئێران، ئەحمەد سەبرییان لەگەڵ باوکی دەسبەسەر  و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە سەید مستەفا  ئازاد کرا، بەڵام سەید ئەحمەد سەبری بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرا بوو.
پێویستی بە بەبیرهێناوەیە کە ئەو هاووڵاتیییە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی 250 ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانە ئازاد کرابوو.
هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هاووڵاتییەیان بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کورستانیەکانی ئۆپۆزیسیونی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردبوو.

ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەر بووە.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان