حەیدەر قوربانی له مه ترسی له سێداره دان دایە

KMMK:
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی سێشەممە 1ی رەزبەری 2720ی کوردی بەیاننامەیەکی سەبارەت بە مەترسی لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەیدەر قوربانی بڵاوکردەوە .
زیندانی سیاسی حەیدەر قوربانی بە تۆمەتی “بغی” تاوانبار کراوە و هەر سات و کاتێک شیمانە دەکرێ حکومەتی ئێران  ناوبراو لە سێدارە دات.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆکی دادوەری ئێران داوای لێ کردووە سزای لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی هەڵوەشێتەوە و ڕێگا بۆ دادگایی کردنێکی دادپەروەرانەی ناوبراو دابین بکات.
جێی ئاماژەیە کە سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە لە قۆم پشتڕاستکراوەتەوە و بۆ لەسێدارەدان ڕەوانەی داواکاری گشتیی و دادگای «انقلاب» لە کامێران کراوە.
دادگای شۆڕشی ئێران بە تۆمەتی “بغی” سزای سێدارەی بەسەر بەڕێز قوربانی دا داسەپاند و لە بهمنی 2719ی کوردی دا حوکمەکەی پێ راگەیەندرا.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە  9 گەڵاڕێزانی 2714کوردی و لە گوندی “تەختە زەنگی” سەربە دەڤەری کامێران لە تێکهەڵچوونی چەند کەسێکی نەناسراو لە گەڵ گرووپێکی سپای پاسداران، چەند ئەندامێکی سپا گوژراون و هەر لەم پەیوەندییەدا و لە رۆژی 25ی گەڵاڕێزان حەیدەر قوربانی و دووکەسی دیکە بە ناوەکانی “حسین رۆحانی و حسن قوربانی” بە تۆمەتی تێوەگلان لەم کوشتنەدا دەستبەسەر کران.
دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سناریۆیەکی دانپێنانی زۆرەملی دا، دانپنانی حەیدەر قوربانی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ناوبراو لەو بەرنامەیە دا بە روونی باس لە بێبەری بوون لەو تێکهەڵچوونە دەکات کە رووداوی کوشتنی لێ کەوتۆتەوە.
حەیدەر قوربانی کوڕی عەلی خەڵکی گوندی “بزوەش”ی سەر بە کامێران، لە کۆتایی دا لە رێکەوتی 14ی 2718کوردی بە تۆمەتگەلی “بریندار کردن و لێدان بە چەک، هاوکاری لە کوشتنی ئەنقەست، هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە سزادان و دادگایی کردن، هاودەنگی لە کوشتنی ئەنقەست، هەوڵدان بۆ کوشتن و ئەنجامی رووداوی کوشتن و مرۆڤ رفاندن و کڕینی کەلووپەلی دزراو” لە لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ئێران لەشاری سنە دادگایی کراو و سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.
ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لە کوشتن و هاوکاری حزبێکی کوردی دژبەری سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران ( بە لەبەرچاو گرتنی بەشی دووهەمی بەندی 134یاسای سزادانی ئیسلامی) 30 ساڵ سزا دراوە.
هەر وەها ناوبراو لە لقی یەکی دادگای تاوانەکان بە تۆمەتی کڕینی دوو ترۆمبیلی جۆری 405 بە 200 قامچی و بە تۆمەتی چەسپاندنی دوو ژمارەی دزراو لە ترۆمبیلەکان بە پانزە مانگ زیندانی، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ مرۆڤ رفاندن بە 6 ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی سێ تاوانی هەوڵدان بۆ دەرچوون لە ژێر پڕۆسەی دادگایی کردن و هەڵهاتن لە یاسای دادگای تاوانباران بۆ هەرکامیان بە 4 ساڵ زیندان (بە سەرچاوەگرتنی بەشی دووهەمی یاسای 134ی سزای ئیسلامی) ی بە سەردا سەپا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سزای لە سێدارەی ئەو زیندانییە سیاسییەی بە پێشێلکردنی یاسای مافی مرۆڤ پێناسە دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوی ئەم حوکمە دەکات.
دەزگای دادوەری ئێران هیچ کام لە پێوانە یاسایی و دادوەرییە بێ لایەنەکانی جێبەجێ نەکردووە و تەنیا بە پێی فەرمانەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ئەو سزایەی دەرکردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان