ئه‌فشین شێخۆلئیسلامیی وه‌ته‌نی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

KMMK:
سێشەممە 1ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، چالاكی مه‌ده‌نیی ئەفشین شێخۆلئیسلامی وەتەنی دوای نزیكه‌ی سێ مانگ ده‌ستبه‌سه‌ربوون به ‌دانانی بارمته‌ ئازاد كرا.
ناوبراو ٧ی پووشپه‌ڕ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ سنه‌، له ‌لایه‌ن هێزه ‌ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ماوەی ٦٨ ڕۆژ له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیی گرتوخانەی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئێران لەو شاره‌ ڕاگیرا و له‌ بارودۆخێكی سەخت و له‌ ژێر گوشاری زۆردا بوو.
دەستبەسەرکران و ڕاگرتنی ناوبراو لە زیندان بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپێدانانی زۆره‌ملێ و ئەنجامدانی چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فیزیۆنی‌ بوو. ناوبراو هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یەک مۆڵەتی پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیی لێ زه‌وت كرابوو.
بەرپرسانی زیندانی ئیتلاعات بە سەپاندنی ئاستەنگی لە ڕادەبەدەر وەکوو بڕینی هێڵی پێوەندی تلەفوون، سنووردارکردنی ڕێڕەوی هاتووچۆی هەوا وڕێگری لە پێداویستی سەرەکی، دۆخی بێهداشت و ڕەوشتی زیندانی لە سەردەمی ئیپیدمی کرۆنا ژیانی ناوبراویان خستبوو مەترسییەوە.

شیاوی باسە کە: ئەفشین شێخ الائیسلامی چالاکی مەدەنی و ژینگەیی دانیشتووی وڵاتی ئەمریکایە کە بۆ چاوپێکەوتنی دایک و باوکی بەساڵاچوو و نەخۆشی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڕابوویەوە، لە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ی کوردی، دەستبەسەر کرابوو ولە ڕەشەممەی ئەو ساڵەدا بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات” سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا. پاش کۆتایی ماوەی حوکمەکەی، سیستەمی قەزایی ئێران چوونەدەرەوە لە ئێرانی بۆ ناوبراو قەدەغە کردبوو.
لە بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی، لە گەڵ چەندد چالاکێکی مەدەنی دیکەی کورد لە شاری ســنە لە ماڵی باوکی زیندانی سیاسی کورد ”حەبیب واڵڵا لەتیفی” دەستبەسەر و پاش چل ڕۆژ لە ئازادی سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ئاماژە پێکراو دەستبەسەر کراوە.

ئەفشین شێخ الائیسلامی پێشووتریش ساڵێک حوکمی زیندانی هەبووە و پاش کۆتایی ساڵێک زیندان ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان