بۆکان: بانگهێشتی بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی زمانی کوردی

KMMK:
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، “ئەمیر پیادە” چالاکی مەدەنی و بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی زمانی کوردیی “بەیان”، پێنج جار بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری بۆکان بانگهێشت کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە ئەو چالاکە مەدەنییەیان بانگهێشت کردووە و هەر جار بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند: “بانگهێشتکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە پێوەندیی بە چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگی و گەورەبوونەوەی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیانەوە هەیە”.

لە ئێستادا فێرگەی بەیان لە گەورەترین و بەربڵاوترین ناوەندە فەرهەنگییەکانە کە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی لقە و لە بواری فێرکردنی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی، بە شێوازی خۆبەخشانە چالاکی دەکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان