ورمێ: دەستبەسەری هاوڵاتییەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

KMMK:

یەکشەممە 23ی خەرمانانی 2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی “عەبدولعەزیز حەیدەرپوور” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگواسترا.

عەبدولعەزیز حەیدەرپوور خەڵکی گوندی کارێز سەر بە گەورەدێی ئەنزەلی باشووری کە بەبێ نواندی هەر چەشنە حوکمێکی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
ناوبرا پاش دەستبەسەر سەرەتا بۆ بەندی “پذیرش”ی زیندانی ناوەندی و ڕۆژی 24ی خەرمانان بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ گوازراوەتەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ ئەو تۆمەتانەی نراونەتە پاڵ ئەم هاوڵاتییە هیچ زانیارییەک بە دەستەوە نییە و ناوبراو لە ماوەی خولی دەستبەسەری نەیتوانیووە لە گەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی بگرێت.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 171 کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان