ورمێ: مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و لێدانیان لە لایەن گاڕدی تایبەتەوە

KMMK:

سێشەممە 25ی خەرمانانی 2720ی کوردی، زیندانیانی سیاسی زیندانی حکوومەت لە ورمێ بەرانبەر بە دۆخی زیندان ناڕەزاییان نیشان داوە و لە گەڵ هێرش و توندوتیژی گاڕدی تایبەت ڕووبەڕوو بوونەوە.
بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، زیندانیانی بەندکراو لە بەندی سیاسی زیندانی حکوومەت لە ورمێ بەرانبەر بە دۆخی زیندان مانیان گرت و خۆیان لە وەرگرتنی خۆراک بوارد و بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە ناڕەزاییەکەیان ڕاگەیاند.

شیاوی باسه کە زیندانیان بەرانبەر بە دۆخی کەمبوونی شوێن، نەڕژاندنی چاڵاوی ئاوەڕۆ، کەمبوونی ئاوی گەرم، پاک و خاوێن نەبوونی گەرماوەکان،خراوی سیستەمی ڕاکێشانی کارەبا، خراپی کەرەستە کارەباییەکان وکێشەی خۆراکی لە وەرگرتنی خۆراک خۆیان بوارد.

لەم پێوەندییەدا سەرۆکی ئەم زیندانە حکوومییە چووە نێو بەندی زیندانەوە و لە گەڵ زیندانیان دانیشتنی کردووە و بەڵێنی پێداون کێشەکانی ناو زیندان نەهێڵێت، بەڵام بە کردەوە هیچێکی نەکردووە و هەر بۆیە زیندانیانی سیاسی لە سەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن و خۆیان لە وەرگرتنی خۆراک دەبوێرن و داوایان لە بەرپرسانی زیندان کرد یان ئەوان ببەنە بەندێکی نوێ یان ئەو بەندەی تێیدان کێشەکانی چارەسەر بکەن.

لە درێژەدا گاڕدی تایبەت هەڵیان کوتایە بەندی زیندانیانی سیاسی و چەندد زیندانییەکیان دایە بەر لێدان و کوتەک.
سەرۆکی زیندان بە جێی داوای دڵنەوایی کردن لە زیندانیان و هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکانی زیندان داوای لێکردوون ئەو کەسانەی کە بەرەنگاری گاڕدی تایبەت بوونەتەوە بناسێنن بۆ ئەوەی سزا بدرێن.

جێی بیرهانینە کە پێشووتر لە 31ی پووشپەڕـــیش لە مانگرتنێکی دیکەدا هێزەکانی گاڕدی تایبەت هەڵیان کوتایە سەر بەندی14ی زیندان و چەندد زیندانییەکیان داپڵۆسی بوو.
هەروەها لە 27ی خەرمانانی 2718یش هێرشیان کردە سەر زیندانیان مانگرتوو لە بەندی 12 و چەندد زیندانییەکیان بە خەستی داپڵۆسی.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان