ورمێ: زیندانییەکی سیاسی ئێعدامی بە سەردا سەپێنرا

KMMK:

هەینی11ی خەرمانانی2720ی کوردی، شاکر(فەرهاد) بێهروزی زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر شــێخلوو بە تۆمەت ی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران ئێعدامی بە سەردا سەپێنرا.

ڕێوڕەسمی محاکمەی ئەم زیندانییە سیاسییەی خەڵکی دیزەجی مەرگەوەری ورمێ گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و لە ڕۆژی پێنجشەممە20ی خەرمانانی ئەمساڵ بڕینەوەی حکوومی ئێعدام بۆئەم زیندانییە سیاسییە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

ناوبراو سەرەتا لە لقی دووی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە حیزبی دیموکڕاتی ئێران” بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و پاشان بە دۆسییە سازی دامەزراوە ئەمنییەکان جارێکی تر لە لقی دووی دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران محاکمە و بە تۆمەتی ” بەغی لە ڕێی ئەندامەتی لە کۆمەڵە” و ” کوشنی ئەندامێکی سپای پاسداران” لە ناوچەی مەرگەوەر بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ناوبراو ساڵی 2718ی کوردی، ببوو بە ئەندامی حیزبێکی کوردستانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و خەرمانانی ئەو ساڵە بە وەرگرتنی”ئەمان نامە( نامەی لێبوردن)” بۆ ئێران گەڕابوویەوە.

ئەم هاوڵاتییە پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ورمێدەناسێنێ و پاش 14 ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکرێت.

شاکر بێهروزی سەر لە نوێ ڕەشەمەی ساڵی 2718ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و پاش ساڵێک و نۆ ڕۆژ دەستبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمێهدی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ بۆ زیندانی حکوومی لە ورمێ ڕاگواسترابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان