خوڕەم ئاوا: بڕینەوەی حوکمی زیندان بۆ هاوڵاتییەک

KMMK:

پێنج شەممە 20ی خەرمانانی 2720ی کوردی، ” وەلی قەرەباشی” کوڕی غوڵام حسێن، 41 ساڵ تەمەن و خەڵکی خوڕەم ئاوا لە دادگای پێداچوونەوە بە3 ساڵ و 3 مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

وەلی قەرەباشی کرێکاری بیناسازی، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە. ناوبراو دانیشتووی خوڕەم ئاوا و یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی ناڕەزایی دەربڕینە گشتگیرەکانی خەزەڵوەری 2719ی کوردی ـیە کە لە دادگای پێداچوونەوەی حکوومەت لە پارێزگای لۆڕستان بە هێنانەئارای یاسای داشکاندنی سزاکانی زیندان، بە 3 ساڵ و 3 مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کــرا.

ناوبراو پێشووتر لە ڕێکەوتی 18ی گوڵانی 2720ی کوردی، لە قۆناغی سەرەتایی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە خوڕەم ئاوا بە تۆمەتگەلی وەکوو ” پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات” و ” ئەندامەتی لە کەناڵی گرووپگەلی دژبەری دەسەڵات” بە 4 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

وەلی قەرە باشی پێشووتر لە ڕەوتی ناڕەزاییە گشتگیرەکانی خەزەڵوەری2719ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و لە کۆتاییدا بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە ئازاد کرا.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە له ڕۆژهەڵاتی کوردستان 163 هاوڵاتی کورد لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان