KMMK:
ڕۆژی چوارشەممە٢٩ی گەلاوێژی٢٧٢٠ ی کوردی ژنە چالاکی کورد بە ناوی “مێهرەبان کەشاوەرزی” خوێندکار و ئەکتەری تێئەتری زانکۆی هونەری تاران و خەڵکی مەریوان لە پارێزگای ســنە، بۆ تێپەڕاندنی خولی سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کـرا.
بە پێی زانیارییەکان، مێهرەبان کەشاوەرزی لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی، بە هۆی چالاکی خوێندکاری و تۆمەتی” پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات” لە دادگا بە سەرۆکایەتی دادوەر موقەیسە ساڵێک زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێنرا.
حوکمی ناوبراو پاش ناڕەزایی دەربڕین لە لقی ۵۴ی دادگای پێداچوونەوە لە تاران بۆ سێ مانگ و ڕۆژێک داشکا.
شیاوی باسە کە مێهرەبان کەشاوەرزی پێشووتر و لە ساڵی ٢٧١۵ی کوردی، بە هۆی چالاکی لە بلاڤۆکە خوێندکارییەکان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و پاش مانگێک ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی و لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان