ئیتلاعات و سپای پاسداران هاوڵاتیانی کورد بە بارمتە وەردەگرن

KMMK:

هاوڵاتییەکی خەڵکی بێورانی خواروی سەر بە شاری سەردەشت بە ناونیشانی “خدر عەزیزی” ماوەی ۱۵ ڕۆژە لە لایەن ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر کراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە ناوبراو خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و سەرقاڵی کاری پێڵەوەری(چەرچی) و کاشیکارییە و هیچ چەشنە باگراواندێکی حیزبی یان سیاسی نەبووە و تەنیا وەکوو بارمتە لە بریتی وەرگرتنی پارە ڕایان گرتووە.

شیاوی باسە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو بارمتە چاو لە کاسبکارانی کورد دەکات و بە لکاندنی تۆمەتێکی سیاسی و حیزبی بەوانەوە هەم کەشی دەڤەرەکە چاوترسێن دەکات و هەمیش دەتوانێ پارەیەکی زۆر لە بریتی ئازاد کردنیان وەربگرێ و لەم ڕێگەوە گوێڕایەڵی ویستە قیزەونەکانی خۆیانی بکات.

ئیتلاعاتی حکوومەت بە بنەماڵەی خدر عەزیزی ـیان کوتووە مافتان نییە هەواڵی دەستبەسەری ناوبراو بڵاو بکەنەوە و هەر بۆیە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە وەدواکەوت.

جێی ئاماژەیە، تا ئێستە نەیانتوانیووە ناوبراو پێملی ویستەکانی خۆیان بکەن یان تۆمەتێکی پێوە بلکێنن و هیچیش بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیەندراوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینیەوە تا ئێستە بەم حاڵەتەوە ۱۲۴ هاوڵاتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان