دەستبەسەر کرانی چالاکێکی مەدەنی لە کامێران

KMMK:
چوارشەمە ۱۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۰ی کوردی، فەریاد عەبدی لە چالاکانی مەدەنی شاری کامێران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران دەستبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەو چالاکە مەدەنیە کاتژمێر ۸ی بەیانی چوارشەمە لە کتێب فرۆشیەکەی خۆی لە شاری کامێران لە لایەن ئەو ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییە دەستبەسەر کراوە و بۆ زیندانی ئەو ناوەندە گوازراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنیە هیچ بەڵگەیەکی قەزاییان پێنەبووە.
دوایی بەدواداچوونی ماڵباتی ناوبراو دەرکەوتووە کە ناوەندی ئیتلاعاتی ئێران ئەو هاوڵاتییەی رۆژھەڵاتی کوردستانیان بۆ زیندانی ئەو حکومەتە لە شاری سنە راگواستووە.
فەریاد عەبدی یەکێ لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی رۆژھەڵاتی کوردستانە کە ساڵی  ۲۷۰۷ی کوردی بە تۆمەتی هاریکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەستبەسەر و ماوەی یەک ساڵ و هەشت مانگ زیندانی کرا و لە ساڵی ۲۷۰۸ ئازاد بوو.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە تا ئێستا و بە گرتنی ئەو هاوڵاتییە سەرجەم ۱۲۲ هاوڵاتی دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان