هێزە ئەمنییەکانی ئێران هاوڵاتییەکی خەڵکی کامێران ـیان دەستبەسەر کرد

KMMK:

دووشەممە 13ی گەلاوێژی 2720ی کوردی، فەرزاد حسێنی هاوڵاتی خەڵکی کامێران دوابەدوای چوونی بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری ســنە بە مۆڵەتی قەزایی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات گوازرایەوە.

ناوبراو پووشپەڕی ئەمساڵ هاوڕێ لە گەڵ 9 کەسی دیکە لە لایەن دادگای ئینقلابەوە محاکمە کرابوو کە لە نێوانیاندا تا ئێستە چوار کەس زیندانیان بە سەردا سەپێنراوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، فەرزاد حسێنی پاش دەستبەسەری بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگواستراوە.

ئەم هاوڵاتییە پێشتر لە ڕێکەوتی 28ی ڕێبەندانی 2718ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

پێنجشەممە 12ی پووشپەڕی ئەوساڵ، ڕێوڕەسمی دادگای پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرزاد حسێنی لە گەڵ 9 کەسی دیکە بە ناوەکانی: فازڵ قۆیتاسی، ئامانج قوربانی، سیروان قوربانی، بەختیار کەمانگەر، عیسا فەیزی، مێهدی قوبادی، ڕاشید مونتەزری، خالید زەمان و هادی کەمانگەر له لقی یەکی داڕگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری ســنە بە تۆمەتی ” هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێی لایەنگری و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران ” بەڕێوە چوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان