سـنە: جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامێکی دیکە لە زیندان

KMMK:

دووشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، زیندانییەک بە ناونیشای ” کەیوان ڕەزاقولی” ٤٣ ساڵ تەمەن له زیندانی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە ئێعدام کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە کەیوان ڕەزاقولی هاوڕێ لە گەڵ زیندانییەکی دیکە کە ناونیشانی دەرنەکەوتووە ڕۆژێ پێشتر بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.

کەیوان ڕەزاقولی بە تۆمەتی کوشتی یەکێک لە هاوڕێکانی خۆی له لایەن دادگای حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو ڕێکەوتی ۲۵ی ڕێبەندانی ۲۷۱۵ی کوردی، بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر کرا تا کاتی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام لە زیندانی حکوومەت لە شاری سنه ڕاگیرابوو.

شیاوی باسە کە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی کەیوان ڕەزاقولی لەلایەن پێگەیەنەر و سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

بە پێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ڕێخراوی لێبوردەی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠١٩ی زاینیی، حکوومەتی ئێران لانیکەم ٢۵۱کەسی لەسێدارە داوە و لانیکەم ٤ کەس لە لەسێدارەدراوان لە کاتی ڕوودانی تاوان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە. پشکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێعدامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروا لە سەرەوەی دیکەی گەلانی نیشتەجێی جوگرافیای سیاسی ئێرانە.

بەم حاڵەوە، بە هۆی ناڕوونی بەرپرسان، تێگەیشتن لە ڕێژەی ڕاستەقینەی ئێعدامەکان لەم وڵاتە ئاستەمە و ئەگەری هەیە زۆر زێدەتر بێت.بە پێی بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها مادەی ۵ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هیچ کەسێک نابێ جۆرێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت کە ببێتە هۆی دابەزینی پێگەی مرۆڤی ئەو.

بە پێی ئەو ئامارانەی لە لایەن ڕێکخراوەکانی بەرگریکاری مافی مرۆڤ، ئێران لەو جۆرە وڵاتانەیە کەزۆرترین ڕێژەی ئێعدامی تێدا جێبەجێ دەکرێ و لە جیهاندا جگە لە وڵاتی چین زۆرترین ئێعدام ساڵانە لە ئێران دێتە ئاراوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ٢٧ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوه ئێعدام کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان