کامێران: پشڕاست کردنەوەی حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسی کورد لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە

KMMK:

چەندد ڕۆژی بەرێ حوکمی پەسەندکراوی ئێعدامی”حەیدەر قوربانی” شارۆمەندی خەڵکی کامێران، زیندانی سیاسی لە لقی27ی دیوانی باڵای وڵاتی ئێران بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی حکوومەت لە ســنە لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت لەو شارە بە تۆمەتی “بەغی” ئێعدامی بەسەردا سەپێنرابوو. ئەم حوکمە لە لقی دیوانی باڵای حکوومەت پشتڕاست و لە ڕێکەوتی 15ی گەلاوێژی 2720ی کوردی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

حەیدەر قوربانی لە 25ی ڕەزبەری 2715ی کوردی، هاوڕێ لە گەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی”حسێن ڕۆحانی و حەسەن قوربانی” لە پێوەندی لە گەڵ کوژرانی چەندد ئەندامێکی سپای پاسداران لە بەشی ناوەندی شاری کامێرا لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هاتبوویە ئاراوە دەسبەسەرکران.

لە ڕەشەمەی هەمان ساڵ فیلمی دانپێدانانی زۆرە ملێی حەیدەر قوربانی کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار ببووە ئەو تۆمەتە لە ئەستۆ بگرێ لە لایەن دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوەڕۆکی دیکۆمێنتارییەک لە ژێر ناوی” شۆفیری مەرگ” بڵاو کرایەوە. لەم دیکۆمێنتارییە 20 خولەکییە سیستەمی قەزایی ــ ئەمنییەتی حکوومەتی ئێران، ناوبراو بە بەشداری کردنی لە کوشتنی چەندد کەس لە ئەندامانی هێزەکانی سپا و ئیتلاعات تۆمەتبار دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان