ئیتلاعات بۆ زیندانی سیاسی چەنگیز قەدەم خەیری: “هاریکارمان بە, با چارەسەری پزیشکیت بۆ بکەین”

KMMK:

زیندانی سیاسی چەنگیز قەدەم خەیری ٣٢ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری کامێران کە ماوەی ٩ ساڵە لە لایەن هێز ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دەستبەسەر کراوە لە خراپترین دۆخی تەندرووستیدایە و گورچیلەکانی توانایان لە دەست داوە و کێمیان هەیە و پێویستیان بەنەشتەرگەری لە دەرەوەی زیندان هەیە.
بەڵام سەرەڕای جەخت و گوشار و نامەی دوکتۆرەکەی و پێوەندی لە گەڵ دادستانی بەم حاڵەشەوە ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگری دەکات و دەڵێ مەرجی ئێمە بۆ ناوبراو ئەوەیە کە دەبێ هاریکارمان بێت بۆ ئەوەی ڕێگە بدەین بۆ نەشتەرگەری بێتە دەرەوەی زیندان.
شیاوی باسه چەنگیز قەدەم خەیری پاش دەستبەسەری لە ساڵی ٢٧١١ی کوردی، بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گوازرایەوە و پاشان بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە زیندانی ناوەندی حکوومەت لە شاری سنە زیندانی کرا و دواتر بە بۆنەی زۆری حوکمەکەی (۴٠ ساڵ )دوور خرایەوە بۆ زیندانی حکوومەت لە “مسجد سلیمان” لە پارێزگای ئەهواز. ناوبراو بە تۆمەتی محاربە لە ڕێی ئەندامەتی لە یەکێک لە گرووپەکانی دژبەری دەسەڵات مەحکووم کرابوو.

جێی بیرهێنانەوەیه؛ چنگیز قەدەم خەیری تا ئێستە بە بۆنەی ناجێگیر بوونی تەندرووستی و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی چەندد جار مانی لەخواردن گرتووە، یەکەمجار ٢١ی سەرماوەزی ٢٧١٩ی کوردی، وەکوو ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و ڕێگری ئیدارەی ئیتلاعات لە چوونە دەرەوەی بۆ چارەسەری مانی لە خواردن گرت و پاش ١٣ ڕۆژ وڵامی وەرگرتو دواتر ١۴ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ جارێکی دیکە مانی لە خواردن گرت.
ئەوە لە حاڵەتێکدایه کە پزیشکی یاسایی ئەهواز و مەسجد سلێمان بە نووسینی نامەیەک پێویستی نەشتەرگەری بۆ ناوبراویان جەخت کردۆتەوە بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە کامێران ڕێگری دەکات و داوای هاریکاری سیخوڕی لێدەکات و دەیهەوێ لە ڕێی ئەو نەخۆشییەی ناوبراوە تووشی سناریۆیەکی قیزونی دیکەی بکات، ناوبراو هەر ڕۆژ دەگوازرێتەوە بۆ بەشی پزیشکی نەخۆشخانە و تەنیا بۆ لابردنی کێم و چڵکی گورچیلەکانی پنی سیلین و دیگزامتازۆنی بۆ دەکوتن و لەوحاڵەتەدا هیچ لە پرسە ناگۆڕدرێ و وەکوو بارمتەیەک لە دستی ئیدارەی ئیتلاعات یاری بە سڵامەتی و چارەنووسی ناوبراو دەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان