گوشاری هێزە ئەمنییەکان لە سەر بنەماڵەی ئەفشین شێخ والائیسلامی و نادیاربوونی ڕەوشتی ناوبراو

KMMK:

پاش تێپەڕینی مانگێک بەسەر دۆخی ئەفشین شێخ الائیسلامی، ڕەوشی ئەم چالاکە مەدەنییە نادیار و گوشاری دامەزراوە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەماڵەکەی زیادی کردووە. ئەم چالاکە مەدەنییە شەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، پاش ئازادی چل ڕۆژەی لە زیندان، سەرلەنۆێ دەستبەسەر و هەنووکه له دەستبەسەریدایە.

نێزیک ١٢ ڕۆژ پێشتر بەرپرسانی زیندانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران له شاری ســنە بە زیندانی سیاسیی ئەفشین شێخ الائیسلامی مۆڵەتیان داوە کە لە گەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی بگرێ.له ڕەوتی وتووێژێکدا کە ئەم چالاکە ژینگەییە له گەڵ بنەماڵەکەی هەبوویه، ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی زیندان مۆڵەتیان داوە کە شتومەکی تاکەکەسی ناوبراو ئامادە بکرێت و ڕەوانەی زیندانی ئیتلاعات بکرێت. بەرپرسانی زیندان دەستپێک وایان نیشان دەدا کە مۆڵەت دەدەن ئەم شتومەکە بە دەستی دەگات بەڵام پاش سەردانی بنەماڵەی بەڕێز شێخ الائیسلامی بەرپرسانی زیندان له وەرگرتنی شتوومەکی ئەم زیندانییە مەدەنییە خۆیان بواردووە.

دایکی ئەم چالاکە ژینگە پارێزە لە ووتووێژێکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاندووە کە ئێمە دەتوانین بۆ چاوپێکەوتنی کوڕەکەمان بچین و پێداویستییەکانی بۆ ئامادە بکەین.
بە پێی دۆخی ناجێگری جەستەیی و هەموو ئەو سترێسانەی کە لەم ماوە سەپاوە بە سەرماندا، هیوادار بووین کە دەتوانین ئەمجارە چاومان پێبکەوێت، بەڵام دواجار دەرکەوت کە ئەم دامەزراوە ئێمە و ئەفشینی دەستخەرۆ کردووە بۆ ئەوەی گوشاری پتر بخاتە سەرمان.
وێڕای دۆخی خراپی جەستەی دایکی بەڕێز شێخ الائیسلامی کە پاش دەستبەسەری پێشووتر ناوبراو بۆ ماوەی چەندد مانگ لە نەخۆشخانە کەوتبوو، ئەم کردەوەیەی بەرپرسانی زیندان هێمای بەرچاوی سزاس بنەماڵەیەکە کە منداڵەکەیان بە بێ هیچ بەڵگەیەک دەستبەسەر کراوە.
بەرپرسانی زیندانی ئیتلاعات بە سەپاندنی ئاستەنگی لە ڕادەبەدەر وەکوو بڕینی هێڵی پێوەندی تلەفوون، سنووردارکردنیڕێڕەوی اتووچۆی هەوا وڕێگری لە پێداویستی سەرەکی، دۆخی بێهداشت و ڕەوشتی زیندانی لە سەردەمی ئیپیدمی کرۆنا خستۆتە مەترسییەوە.

باوکی ڕێزدار شێخ الائیسلامی ـیش سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردبوو و خوازیاری چاوپێکەوتنی منداڵەکەی ببوو، کە ئەم داوایەی ناوبراو ڕووبەڕووی دژایەتی ڕایەدارانی ئیتلاعاتی ببوەوە.
باوکی ئەم چالاکە مەدەنییە لە دۆخێکی زۆر ناجێگری ڕۆحی و جەستەییدا و نەخۆشە، و هەڵسووکەوتی ڕایەدارانی ئیتلاعاتی دۆخی ڕۆحی ناوبراوی ئاڵۆزتر کردووە.

شیاوی باسە کە: ئەفشین شێخ الائیسلامی چالاکی مەدەنی و ژینگەیی دانیشتووی وڵاتی ئەمریکایە کە بۆ چاوپێکەوتنی دایک و باوکی بەساڵاچوو و نەخۆشی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڕابوویەوە، لە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ی کوردی، دەستبەسەر کرابوو ولە ڕەشەممەی ئەو ساڵەدا بە تۆمەتی ” پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات” سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا. پاش کۆتایی ماوەی حوکمەکەی، سیستەمی قەزایی ئێران ناوبراوی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بۆ ناوبراو قەدەغە کردبوو. لە بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی، لە گەڵ چەندد چالاکێکی مەدەنی دیکەی کورد لە شاری ســنە لە ماڵی باوکی زیندانی سیاسی کورد” حەبیب واڵڵا لەتیفی” دەستبەسەر و پاش چل ڕۆژ لە ئازادی سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ئاماژە پێکراو دەستبەسەر کراوە.

ئەفشین شێخ الائیسلامی پێشووتریش ساڵێک حوکمی زیندانی هەبووە و پاش کۆتایی ساڵێک زیندان ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان