دەستبەسەر کردنی شارۆمەندێک لە سەرپێڵ زەهاو/ گواستنەوەی شارۆمەندێک بۆ بەندیخانەی میاندواو

KMMK :
شەممە چواری گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، رەحیم پور ئەحمەد خەڵکی شاهین دژ، بە هۆی حوکمی زیندان بۆ بەندیخانەی حکومەتی ئێران لە میاندواو گواسترایەوە. هاوکات هادی عەزیزی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی حکومەتی ئێران لەم شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار براوە.
هادی عەزیزی رۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ لە شاری سەرپێڵ زەهاو لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ئەم شارۆمەندە ٢٠ ساڵ تەمەنیەتی و تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە زانیاریەکی تەواو لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە بەدەست نەکەوتوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاندوە ناوبراو پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران دەستبەسەر کراوە.
هاوکات رەحیم پور ئەحمەد، ٤٠ ساڵان و کوڕی عومەر خەڵکی گوندی« قازانلی» سەر بە شاهیندژ بە مەبەستی بەسەر بردنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی حکومەتی ئێران لە میاندواو گواستراوەتەوە.

رەحیم پور ئەحمەد ساڵی ٢٧١٩ لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابو و بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران» لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقیلاب لە شاهین دژ سزای پێنج مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان