شمشێری دیکتاتۆریەتی ئیسلامی ئێران لەسەر ملی ژنانی کورد( زەینەب جەلالیان، سۆهەیلا حیجاب، سەکینە پەروانە و زارا موحەمەدی)

KMMK:
زەینەب جەلالیان، سۆهەیلا حیجاب، سەکینە پەروانە و زارا موحەمەدی چوار بەندکراوی سیاسی و کولتورین لە رۆژهەڵاتی کوردستانن کە لەلایەن ناوەندی ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکردنی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران بە سازکردنی دۆسیە و بە پێی تۆمەتگەلی ناڕاست ئەم چوار چالاکە سیاسی و کولتوریەی کوردیان خستوەتە ژێر لێپرسینەوە. ناوەندی دادوەری و دادگەی ئینقیلابی ئیسلامی ئێران بە رەچاو کردنی سازکردنی دۆسیە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانەوە سزای بەندکردنی درێژ خایەنی بەسەر ئەم ژنە چالاکانەدا سەپاندوە.
زەینەب جەلالیان پتر لە ١١ ساڵە بە بێ ئیزنی پشو لە بەندیخانەیە. ئەم چالاکە سیاسیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەساڵی ٢٧٠٩ی کوردی بەتاوانی رۆیشنەدەرەوەی نایاسایی یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێدرا و بە تۆمەتی موحاریبە و ئەندام بون لە یەکێک لە حزبە کوردستانیەکان سزای لەسێدارە دانی بەسەردا سەپێدرا، ئەم سزایە دواتر داشکا بە بەندکردنی هەتا هەتایی.

سۆهەیلا حیجاب چالاکی کۆمەڵایەتی و پارێزەری دادوەری، لە بڕواری ٢٨ی رەشەمەی ٢٧١٩ی کوردی بە تۆمەتگەلی وەک« پڕوپاگاندا دژ بە حکومەت، کۆبونەوە و پلاندانان، تێک دانی هزری گشتی بە مەبەستی ئاڵۆزی نانەوە و رێکخستنی نایاسایی» سزای ١٨ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی کورد ٣٠ ساڵە و خەڵکی خۆراسان لە بڕواری ١٨ رێنەندانی ٢٧١٩ لە کاتی گەڕانەوە لە باشوری کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆمارئ ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەشی ٩ی بەندیخانەی ئەوین گوازرایەوەو پاشان برایە بەندیخانەی قرچەکی وەرامین . ناوبراو لە بڕواری ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ لەلایەن ژوری ٢٦ی دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی « ئەندام بون لە یەکێک لە حزبە کوردستانیەکان بە ئامانجی هەوڵدان فژ بە ئاسایشی گشتی» سزای پێنج ساڵ بەندکردن و دوو ساڵ وەرگرتنەوەی ئیزنی چالاکی لەهەر چەشنە گروپ و حزبی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەردا سەپێندرا.
زارا موحەمەدی ٢٩ ساڵان، مامۆستای زمانی کوردی، چالاکی کۆمەڵایەتی و ئەندامی کۆمەڵەی کولتوری- کۆمەڵایەتی (نۆژین) لە شاری سنە لەلایەن ژوری یەکی دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بە تۆمەتی« پێک هێنانی گروپ و کۆمەڵ بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی گشتی» سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە کە ئەم چوار چالاکە سیاسیو کۆمەڵایەتیەی کورد لە کاتی لێپرسینەوە ئەشکەنجە کراون و ئیزنی پەیوەندی لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەیان نەدراوەتئ. ئەم کەسانە لە دادگەیەکی بێلایەن و یاسایی لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە و دادگەی ئینقیلابی ئێران بەپشت گوێ خستنی بەرگریەکانیان، لەبەرچاو گرتنی خواستی ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتیەکان ئەم کەسانەی سزا داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای ئیدانە کردنی ئەم سزایانە لەلایەن ناوەندە دادوەریەکانی ئێران لەو بڕوایەدایە کە کۆماری ئیسلامی و دادگەکانی سەربەخۆ و بێ لایەن نین و بەرپرسیاریەتیان نادرێت لەسەر سزادانی شارۆمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەئاکامدا ئەم سزایانە وەرناگیردرێت و و داوا لەکۆمەڵگای بە دەست تێوەردانی خۆی کۆتایی بە دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بهێنێت.
هاوکات داوا لە گەلی کوردستان، حزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان، ناوەندە کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤیەکان دەکەین بە دانانی پیلانێکی هاوبەش خوازیاری ئازادکردنی ئەم چوار چالاکە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی ژن و بەندکراونی تر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان