KMMK: موزەفەر سکانوەند، گیراوی سیاسی خەڵکی ماکۆ کە حووکمی ۲۰ ساڵ زیندانی لە لایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی بەسەردا سەپابوو و بۆ تێپەڕکردنی ماوەی زیندان لە گرتووخانەی حکوومەت لە شاری ماکۆ بۆ گرتووخانەی “برازجان” لە “بوشهر” ی ئێران ڕاگواسترابوو، لەو زیندانە تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووە.
موزەفەر سکانوەند، که لە ۳ی ڕەزبەری ساڵی ۲۷۱۲ کوردی لە شاری “شوورت” ی سەر بە “ماکۆ” دەسبەسەر کرابوو و دوای یەک مانگ مانەوە لە ژێر ئەشکەنجە و لێپێچینەوەی هێزەکانی ئیتلاعات لە خەزەڵوەری ساڵی ۲۷۱۳ی کوردی، له لایان لقی یەکی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی موحاربە (فساد و فی الارض) و ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی سزای ۲۰ ساڵ زیندانی بەسەر دا سەپا بوو بۆ تێپەڕکردنی ماوەی زیندان گواسترابوویەوە زیندانی “برازجان “ی سەر بە شاری بوشێهر.
جێگای ئاماژەیە کە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سێ گیراوی سیاسی تر لەم گرتووخانەیە تووشی ئەم پەتایە بوون و کۆماری ئیسلامی سەرەڕای سەڕڕاست کردنەوەی پزیشکی گرتووخانەکە ئیزنی چارەسەری لە دەرەوەی زیندانی بەم گیراوانە نەداوە و بێ چارەسەری پزشکی ڕەوانەی ناو زیندان کراونەوە.
جێگای سەرنجە کە: بە هۆی نەبوونی کەرەسەی پێویست بۆ پێشگرتن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی چەپەڵی حکوومەت بۆ تووشبوونی هەرە زیاتری گیراوانی سیاسی و کەمتەرخەمی و هێشتنەوەی تووشبووان لە گرتووخانەکان بە کۆمەڵ، بە ڕۆژانە تووشبوونی زیاتری چالاکانی سیاسی لێدەکەوێتەوە.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان


