دەستبەسەری چوار هاوڵاتی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

KMMK:

ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، “عوسمان ڕەحیمی فەرد” چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی گرووپی کەژەوانی ڕامان لە شاری کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەم شارە دستبەسەر کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە: دوابەدوای دەستبەسەر کرانی ناوبراویان گواستۆتەوە بۆ گرتووخانەی حکوومەت لە شاری ســنە و تا ئێستە هۆکاری دەستبەسەری ئەم هاوڵاتییە نەزانراوە.
لە هەواڵێکی دیکەدا ڕۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی ئێران سێ هاوڵاتی بە ناوەکانی “عەلی زراوی” خەڵکی پیرانشار، ” عادڵ شێخە” خەڵکی گوندی پەسوێ و “یووسف جەهان ئارا” خەڵکی گوندی “کانی بی” سەر بە شاری سەردەشت دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگواستراون.

بە گوێرەی هەواڵەکە: ئەم سێ هاوڵاتییە بە تۆمەتی هاریکاری لە گەڵ حیزبە کوردییە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراون و پاش چەندد ڕۆژ دەستبەسەری چارەنووسیان نادیارە.

شیاوی باسە حکوومەتی ئێران هاوشێوەی دەیەی شەستی هەتاوی کوردستانی کردۆتە گۆڕەپانی ئەشکەنجە و ئێعدام و زیندانی کردن و هەر ڕۆژە شایەتی دەستبەسەری و جینایەتی جۆراوجۆری دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـین.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم حاڵەتانەوە ٩٠ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان