کوژرانی منداڵێک و خۆکوژی منداڵێکی دیکە

KMMK:

ڕێکەوتی ٢۴ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردی، منداڵێکی ۵ ساڵ تەمەن بە ناوی ” ژیار غەفووری” سەر بە گوندی زەلان ـی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان لە لایەن زڕدایکییەوە کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: لە دوای ڕوودانی ئەم حاڵەتە زڕدایکی ژیار گومانی دەخرێتە سەر و دەستبەسەر و پاشان دانی پێدادەنێ کە ساڵێک پێشتر لە گەڵ باوکی ژیار هاوسەرگیری دەکات و ئەم منداڵە پێشتر لە لای دایە گەورە و باوەگەورەی دەبێ و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ لای باوکی و زڕدایکی بۆ ئەوەی سەرنجی زیاتری هاوسەرەکەی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ ئەم منداڵە بە ڕێگر دەزانێ و ڕۆژێک دەیباتە دەرەوە و دەیکوژێ و لە بەرزاییەک دەیهاوێتە خوارەوە بۆ ئەوەی وا دەری بخات کە خۆکوژی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا منداڵێکی ١۴ ساڵ تەمەن بەناوی “زانیار نادری” کە تەنیا نان هێنەری بنەماڵەکەی دەبێت هەڵدەکوتێتە سەر گیانی خۆی و پەت بۆ خۆی هەڵدەخات و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ.

شیاوی باسە بە هۆی هەژاری و بێکاری و چەرمەسەری بژێوی ژیان لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای لێهاتووە کە نرخی ژیان و گیانی مرۆڤ تا ئاستێک دابەزیووە کە تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لەو قەیرانە خۆکوژی و کوشتن ساناترین دیاردەیە و تەنانەت منداڵیش کە دەبوا خاوەنی ماف و سەرقاڵی خۆشییەکانی دەمی منداڵی بێت لە بەر گرانی باری ژیان خۆی ناگرێت و پەلاماری گیانی خۆی دەدات.

بە پێێ داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە خۆکوژییەوە ۳۶ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان