ورمێ/ ژنێک خۆی سووتاند

KMMK:
شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۰ی کوردی، ژنێک بە ناوی “بەسنا ئەحمەدی” ۵۹ ساڵان، خەڵکی ورمێ بە هۆی کێشەی ماڵباتی خۆی ئاگر دەدات و دوایی چەند رۆژ بە هۆی گرانی برینەکانی گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکان ناوبراو خەڵکی گوندی «چاو رەش» سەر بە پارێزگای ورمێیە و کێشەی ماڵباتی هۆکاری ئەو خۆکووژیە بووە. پزیشکان سێ رۆژ هەوڵیان داوە ناوبراو دەرمان کەن، بەڵام لە کۆتایی دا ناوبراو گیانی لەدەست دەدات.
سیاسەتی هەڵە، نەدانی بودجە، فەقیری، بێکاری، هەڵاوردن و نائومێدی بەداهاتوو و… بۆتە هۆی لێکترازانی ماڵباتەکان و ئەوانە بەشێکن لە هۆکاری خۆکووژیەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە تا ئێستا و بە هەژمار کردنی ئەو خۆکووژیە ۱۹ ژن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان