کرماشان: کێشەی بێ ئاوی ۴٠٠ گوندی گرتەوە

بە پێی وتەکانی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان “عەلیڕەزا کاکاوەند” لەم پارێزگایە نێزیک ۴٠٠ گوند کێشەی دابینکردنی ئاویان هەیە کە بۆ دەستڕاگەیشتنی ئەوان بە ئاوی پێویست بە ٢۶٠ میلیارد تمەن بووجە هەیە.
ناوبراو حەشیمەتی ئەم گوندانەی ٢٠ هەزار کەس ڕاگەیاند کە دانیشتوانی ٨٠ بۆ ٨۵ لە سەتیان بە شێوەی گەڕۆک دەستیان بە ئاو ڕادەگات. هەر وەها ئاماژەی پێداوە کە مەزندە دەکرێت لە کاتی قووڵی گەرمای هاوین ڕێژەی ئەم گوندانە بۆ ١٨٠ گوند هەڵبکشێت.

شیاوی باسە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای هەبوونی ئاوی زۆری سەرزەوی و بن زەوی و کەش و هەوای لە بار بەڵام بە هۆی لێدانی بەنداوی زۆر و ناردنی ئاوی ئەم بەشە لە کوردستان بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران نە تەنیا ئاوی پێویست بۆ زەوییە کشتووکاڵییەکان نامێنێ بەڵکوو تەنانەت ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکانیش نییە و جگە لە قەیرانی ئابووری و بێکاری و نەبوونی سەرمایەگوازری و دزینی کانگاکان و بیرە نەوتەکانی کرماشان بەدەیان کێشەی کۆمەڵایەتی بە بۆنەی شەڕی تایبەتی حکوومەتی ئێران دژ بە کورد سەری هەڵداوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان