دەستبەسەر کردنی شارۆمەندێکی شاری ورمێ پاش بریندار کردن

KMMK:

رۆژی پێنج شەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، شارۆمەندێکی شاری ورمێ بە ناوی« شەهرام موستەفا پوور» خەڵکی گوندی موانا لە دەوروبەری شاری سیلوانای سەر بە شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێت.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو؛ ناوبراو بە هۆکارێکی نەزانراو لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تەقەی لێ دەکرێت و برینداری دەکەن و پاشان بە برینداری دەستبەسەری دەکەن و بۆ شوێنێکی نادیار دەبرێت. هەروەها لە ئێستادا لە بارودۆخی ناوبراو هیچ هەواڵێک لەبەردەست نییە و سەرەڕای بریندار بوونی نەگەیەندراوەتە نەخۆشخانە یا خود بنکەیەکی پزیشکی بۆ چارەسەر کردنی برینەکانی.

بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیەوە تا ئێستە نزیک بە ٦٠ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و زۆربەی ئەم کەسانە لە کاتی دەستبەسەر کردندا لەلایەن ئەم هێزەوە بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: