KMMK:
هەینی ۱۹ گوڵانی ۲۷۲۰ کوردی، هێزەکانی کۆماری ئێسلامی لە سەر سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵات کوردستان، سێ کۆڵبەریان دایە بەر هێرشی گولـە کە دووکەسیان بریندار و کۆڵبەریش کوژرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان: هێزەکانی سنوورەوانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سنوورە دەستکردەکانی حکومەتی ئێران لە (بلە سووری خوارێ) سەر بە شاری خۆی، هێرشیان کردە سەر دەستەیەک لە کۆڵبەران و لە ئاکامی تەقەو پێکدانی ئەو هێزانە کۆڵبەرێک بە ناوی « لووقمان چوارگۆشە » کوژرا. ناوبراو بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بە گرانی بریندار و هەر بەو هۆیەش گیانی لە دەستدا.
هەروەها دوو کۆڵبەری تر بە ناوی « مەنسوور چوارگۆشە و مەیسەم محەمەدی » لە ئەنجامی ئەو هێرشە بە گرانی بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان: هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ و بێ هیچ ئاگادار کرنەوەیەک کوڵبەرانیان داوەتە بەر هێرشی گولە.
لە راپۆرتێکی دیکە هاتووە: کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بەناو « کەیوان کەوسەری » بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە شاخ گیانی لە دەست داوە. ئەو کۆڵبەرە خێزاندارەو دوو منداڵی هەیە.
بە پێی داتاکانی کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان: لە سەر خەسار و کوشتنی کۆڵبەران، لە سەرەتای سالی نوێی زایینیەوە تا ئێستا و بە هەژمار کردنی ئەم کوژاو و برینداراە نوێیانەوە ۱۴ کۆڵبەر کوژاو و ۴۰ کۆڵبەری دیکە بریندار کراون.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان